موقع الكاتب فـــرياد زنــكنـه


موقع الكاتب فرياد زنكنه من خلاله يستطيع قراء الاعزاء الاطلاع على جميع مقالاته

الأحد,كانون الأول 16, 2007


 

 

کەژاڵ ئەحمەد

 

 

 

من دەبێت ساڵێک ئاوى روون 

 

له‌سه‌ر قاچ و قولم بڕوات 

 

بۆ ئه‌وه‌ی پاکببێته‌‌وه‌ له‌چڵپاوى 

 

خاکێکى بێ مروەت. 

 

 

من دەبێ خۆم بسمیلبکه‌‌م 

 

به‌گڵه‌سوورەى لادێیەکى دوور له‌شار 

 

به‌ئاوى کانییه‌کى سازگار 

 

به‌شیعرى (ئەى رەقیب) ى دڵدار.

 

خۆزگە بتوانم بەقوڵفى گۆزەیه‌کدا تێپه‌ڕم 

 

به‌ڵکو پیسیى ریاکاران له‌پێستم داماڵرێت. 

 

ئه‌وه‌ی ماوە له‌ته‌مه‌نم 

 

به‌شى راوەستانم ناکات 

 

له‌به‌ر جوڕنه‌ى حه‌مامێکى پڕ له‌هه‌ڵمی ژیاندا 

 

تا دوا وسڵى بێ نوێژیى سیاسه‌ت له‌خۆم دەرکه‌م. 

 

ئه‌وەى ماوە له‌ژیانا 

 

به‌شى پاڕانه‌وه‌م ناکات له‌خودا 

 

تاکو له‌گوناهم خۆشبێ دەرهه‌ق به‌خۆم 

 

ئه‌و کاتانه‌ى 

 

ئاوى دەریاکان دەڕێژم به‌سه‌ر خۆماو 

 

دەڵێم خوایه‌ 

 

وسڵى نیشتمانپه‌روه‌ریم دەردەکه‌م! 

 

خۆزگه‌ بتوانم 14 ساڵ له‌گومڕایى 

 

به‌ڕیشه‌ سپیه‌که‌ی باوکم 

 

یان به‌فه‌قیانه‌که‌ى دایکم بسڕمه‌وە! 

 

وەک ته‌خته‌ رەشى بێباکى قوتابخانه‌

 

له‌به‌ری دەستم بنووسم

 

وانه‌ی یه‌که‌م. 

 

 

 چۆن ئه‌م  زمانه‌ شیرینه‌ 

 

له‌ناو جانتاکه‌ى شانمدا بشارمه‌وە 

 

بۆ ئه‌وه‌ی تاڵنه‌بێت ؟ 

 

گوێچکه‌م به‌مۆم سواغبدەم 

 

بۆ ئه‌وه‌ی گوێم 

 

 له‌دەنگى که‌ڵه‌شێرێکى نه‌زۆک نه‌بێت 

 

که‌پێى وایه‌ ئه‌و نه‌بێت رۆژ نابێته‌وه‌؟

 

من دەبێ خۆم بسمیلبکه‌م 

 

به‌گه‌ڕاوەکه‌ی ئه‌حماوا، 

 

هه‌ر وەک ئه‌وەى که‌شوێنێکم 

 

به‌ر شوێنى تۆپیوێک که‌وتبێ 

 

به‌بێ خواستى خۆم دەڵێم: یاع 

 

 

هه‌روەها به‌چه‌شنى مناڵیی 

 

خۆم خۆڵ و خوێ و تاکه‌ نه‌علێکم دەهێنم 

 

بۆ پیرێژنى بچکۆڵه‌ى، مێخه‌ک له‌ملى هاوسێمان 

 

پێى دەڵێم:نه‌نه‌ گیان، دایکم سه‌لامت لێدەکاو 

 

دەڵێت دەمى بکوته‌رەوە 

 

ماوەیه‌که‌ زۆر سه‌رى کردۆته‌ گریان 

 

به‌ڵکو ئیدى عاقڵببێت !!!

 

 

له‌ئێستاشدا ... 

 

ته‌رمى رابردوو دەشۆم و 

 

وسڵى مردوو له‌گیانم دەردەکه‌م. 

 

له‌به‌ر بارانى ئه‌ویندا 

 

 فڕینم ته‌ڕدەبێ و 

 

به‌هێمنى دەنیشمه‌وە، 

 

بۆ ئه‌وەى به‌زه‌مه‌ن بڵێم: 

 

ئایندەم خۆشدەوێت.

 

9 ى 2007 سلێمانى

 

 

یه‌م بابه‌ته‌ له‌جرا تڤ وه‌رگیراوا